بسم الله الرّحمن الرّحیم
«وَتَزَوَّدُوا فإنَّ خَيْرَ الزَّاد التَّقْوَى»(البقرة: ١٩٧)
با زەواد و تۆشەتان پێ بێ؛ بێگومان چاکترین تۆشە بۆ ئێوە، خۆپارستن لە گوناح و تاوانە.
سپاسی خوداوەندی بەرز و بێ هاوتا بەجێ دێنین کە جارێکی تر بووینە میوانی مانگی ڕەمەزان و لە خوانی مەعنەوی ئەو مانگە پیرۆزە بەهرەمەند کراین. میوانبوون لەم مانگە پیرۆزەدا هەلێکی زێڕین و گرانبەهایە کە ئەگەر قەدری بزانین و بە باشی کەڵكی لێ وەرگرین، دڵەکانمان بە نووری خودایی دەگەشێتەوە و توێشووی دونیا و دواڕۆژمان زێدەتر دەبێت.
سەرەتا و دەستپێکی مانگی پڕ پیت و بەرەکەتی ڕەمەزان بە خوشک و براکانم لە جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و سەرجەم هاووڵاتیان پیرۆزبایی دەلێم. بێگومان ئێستا هەلێکی پیرۆزمان بۆ هەڵکەوەتووە تاکوو گیانمان لە کانیاوەکانی ئیمان و خۆپاراستن بشۆینەوە و زەواد و توێشوو بۆ سبەینێمان فەراهەم بێنین. پڕ بە دڵ لە پەروەرەندەی دەهەندە و دلۆڤان دەپارێمەوە؛ بە دڵێکی پڕ لە هیوا و تەژی لە سەبر و ژیری، یارمەتیمان بدات تا لە شەو و ڕۆژەکانی ئەم مانگەدا پێوەندی خۆمان لەگەڵ زاتی پیرۆزی پتەوتر بکەین و لە دەرگای ڕەحمەتی نزیکتر ببینەوە.
ئامانجی و مەبەستی ڕۆژووگرتن ڕاهاتن لەسەر خۆپاراستن و دابڕان لە تاوانەکانە، بەربەرەکانی لەگەڵ نەفسی سەرکەش و چاکسازی ڕەوشت و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەخلاق و مەعنوییەتە. هەر وەک لە فەرموودەشدا هاتووە: «مَنْ لَمْ يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ وَالْعَمَلَ بِهِ فَلَيْسَ لِلَّهِ حَاجَةٌ فِي أَنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وَشَرَابَهُ»، واتە ئەو کەسەی خۆی لە قسەی ناڕەوا و درۆ و ئاکاری نالەبار نەپارێزی، خوداوەند تەنها لەبەر خۆپاراستن لە خواردن و خواردنەوە پاداشتی ناداتەوە و پێوسیتی بەم کارەی نییە.
گرینگترین پەیام و بەرنامەی سەرجەم پێغەمبەران، بریتییە لە پتەوکردنی بناغەکانی ڕەوشت و ئاکاری جوان و هەر هەموومان دەبێ هەوڵ بدەین تاکوو ئەرکە دینییەکانمان بەوپەڕی باشی و بێخەوشی جیبەجێ بکەین و خۆمان بە ڕەوشتە پاک و بەرزەکان جوان و ڕازاوە کەین.
وەکوو برایەک داوا لە گشت هاوڕێیانم دەکەم کە ئەم میوانی و زیافەتە یەزدانییە، وەک هەلێک بۆ یەکدڵی و یەکڕیزی وخەمڕەوێنی و هاریکاری کۆمەڵایەتی بەکار بێنن و لەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ئێستادا، زیاتر لە جاران گرینگی بە هەرەوەز و ئامۆژگاری و هاندان بۆ چاکە و خۆپاراستن و دلسۆزی دەرحەق بە یەکتر بدەن.
هیوادارم پێکەوە، بە پتەوکردنی برایەتیی دینی و ئینسانی و هەروەها ئاوەدانکردنەوەی دڵ و گیانمان بە نووری ئیمان و خۆپاراستن لە هەڵە و تاوان، لەم سەختی و دژوارییانەی کە لە پێشماندایە بە سڵامەتی و سەرکەوتوویی دەرباز بین.
ومن الله التّوفیق وعلیه التّکلان
عەبدوڕەحمان پیرانی
ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح
نظرات